لە یادی کۆماری کوردستاندا، بارزانی: كاتی ئەوە هاتووە بڕیار لەسەر مافی خۆمان بدەین

حجم الخط: Decrease font Enlarge font
image

هەولێر19شوبات/فەبرایەر(PNA)- سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند كە كۆماری کوردستان كاریگەریی خۆی هەبووە لە سەردەمی خۆیدا و ئەو كاریگەرییەی تاوەكو ئێستاش ماوە و تا یەك كوردیش بمێنێت كۆمار كاریگەریی دەمێنێت. ڕشیگەیاند " كاتی ئەوە هاتووە بڕیار لەسەر مافی خۆمان بدەین."

بەیانیی ئەمرۆ لە هەولێر بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یادی 66 ساڵەی دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوری كوردستان كرایەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لە وتارێکیدا لەم یادەدا هەروەها گوتی: "ئێمە قۆناغی شەڕوشۆڕمان بەسەركەوتوویی دەرباز كرد لەگەڵ ئەوەی كە لە كاتی خەبات زیانی زۆرمان بەركەوت و خوێنی ئێمە و دۆستانمان لە نەتەوەكانی دیكە رژان، بەڵام ئیسپاتی بوونی خۆمانمان كرد. هەروەها ناسنامەی خۆشمان پاراست. ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە بڕیار لەسەر مافی خۆمان بدەین و پێویستە ئەو ئەزموونە بپارێزین چونكە ئەزموونێكی دەوڵەمەندە، چونكە كورد دەوڵەتێكی نەڕووخاندووە، بۆیە ئەوە سەلماوە ئەو كێشەیەی ئێمە هەمانە كێشەیەكی نەتەوەییە نەك كێشەیەكی دیكە، بۆیە دەكرێت ئەو كێشانەی هەمانە بە دیالۆگ چارە دەبێت نەك بە توندوتیژی، ئێستا كاتی سەنگەرگرتن نەماوە بۆیە پێویستە نەفەسدرێژ بین."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی هەرێم ئاماژەی دا "هەرچی دوژمنان هەوڵیان دا ئیرادەی گەل لاواز بكەن و دەست بخەنە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازییەوە، بەڵام نەیانتوانی، ئێستاكە تەباین و ئەو سەردەمە رۆیشت كەس بیر لەوە بكاتەوە خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت."

بەشێكی دیكەی وتارەكەی سەرۆكی هەرێم تایبەت بوو بە چوونی بارزانییەكان بۆ ناو كۆماری كوردستان و ڕایگەیاند: "بارزانیی نەمر بۆی گێڕاومەوە كاتێك كۆماری مهاباد راگەیەندرا لەگەڵ شێخ ئەحمەد بڕیارمان دا بچین بۆ رۆژهەڵات، دیارە پێشوازییەكی زۆریان لێ كرا بە تایبەتی لەسەر سنوورەكان و لە مەهابادیش، بە فەرمانی پێشەوا كە ئێستا بەڵگە لە دەستدایە بۆ رێزگرتن لە بارزانییەكان بڕیار دراوە ماڵی خەڵكی مەهاباد لەگەڵ بارزانییەكان بەش بكرێت، لە بەرامبەریشدا بارزانی خۆی وەك سەربازێكی كۆمار خۆی ناساندووە، لەلایەكی دیكەیشەوە لە كاتی دادگاییكردنیدا پێشەوا بەرگرییەكی توندی لە مەلامستەفای بارزانی كردووە، پاشانیش  پێشەوا پێی گوتووە كە ئەوە ئاڵای كوردستان لە لای تۆ ئەمانەت بێت، دیارە بارزانی وەك سەربازێك خزمەتی كۆماری كوردستانی كردووە، بۆ ئەمڕۆی ئێمەیش شێخ مەحمودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەمەد و شێخ ئەحمەدی بارزانی و شێخ عەبدولسەلام بارزانی، هەموویان سەرۆكی ئێمەن و ئێمە خۆمان بە قوتابیی قوتابخانەی ئەوان دەزانین".

كۆماری كوردستان لە 22ی كانوونی دووەمی ساڵی 1946 لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرا و قازی محەممەد وەك یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان، لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد سوێندی یاسایی خوارد.

تەمەنی كۆماری كوردستان كەمتر لە ساڵێك بوو و دوای هێرشی سوپای پاشایەتیی ئێران بۆ سەر كوردستان و داگیركردنەوەی مەهاباد لە 15ی كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا، ئەم ئەزموونەی كورد سەركوت كرا.

دواتر لە 31ی ئازاری 1947، قازی محەممەد یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان، لە مەیدانی چوارچرا لە شاری مەهاباد، هاوكات لەگەڵا چەند كەسی دیكە لە بەرپرسانی كۆمار، لە دار درا.

سەعید عەبدوڵڵا

 

  • email أرسل إلى صديق
  • print نسخة للطباعة
  • Plain text نسخة نصية كاملة