هاوڵاتیانی بەڕێزو خۆشەویستی كوردستان، هاوڕێیانی ئازیز ئەم كاتەتان باش.

حجم الخط: Decrease font Enlarge font
image

زۆر بە داخەوە جارێكی تر ئاژاوەو پشێوی بەدەر لە هەر یاساو رێسایەك ڕووی لە هەندێ‌ ناوچەی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئەمەش مایەی نیگەرانی زۆری ئێمەیە. ئەمجارەیان بەشێوازێكی دوور لە پەیڕەوی ئایین و كەلتورو نەریتی كۆمەڵگا چەند كەسانێك دەیانەوێت دیاردەی تێكدان و سوتاندن و وێران كردن بێننە كوردستان. بێگومان ئەمە دیاردەیەكی نامۆیە بەخەڵكی كوردستان، ئێمە هەمیشە شانازی بەوە دەكەین كە گەلەكەمان كەلتوری یەكتر قەبوڵكردن پەیڕەودەكات و بەدرێژایی مێژووش هەر وا بووە. بۆیە هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەم دیاردە نامۆیە.

نابێت و قابیلی قەبوڵیش نییە كە جیاوازی ئایین و بیروڕای سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوری ببنە فاكتەرێك بۆ ئەنجامدانی توندو تیژی. ئێمە وەك لایەنێكی سەرەكی لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا لە هەوڵی بەرقەراركردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانین بەهۆی مەترسیەكانی دەرەوە، كەچی دەبینین لە ناوەوە خەریكە كەلتورێكی تازە سەرهەڵدەدات كە لەگەڵ بەهاكانی هیچ كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووخواز ناگونجێ‌.

ئەو پشێویە لە كاتێكدا روویدا كە دەبینین گۆڕانكاری گەورە لە تەواوی ناوچەكە بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەكرێت كوردانی پارچەكانی دیكەش بە مافەكانیان بگەن. بۆیە پێمان وایە لەم قۆناغە هەستیارەدا دەرگا بۆ ململانییەكی لەم شێوەیە نەكەینەوەو بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان لەبەرچاو بگرین ئەویش بە پاراستنی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان.

هەرێمی كوردستان لە پێشووەچونی بەردەوام و خێرادایە، لەگەڵ پێشووەچونەكان دیاردەی تازەش سەرهەڵدەدەن، هاوڵاتیانی كوردستان یاخود پارت و لایەنەكان دەبێ‌ رەچاوی ماف و ئازادیەكان و ئازادی تاك بكەن كە بۆ هەموان مسۆگەر كراوە، ئەگەرنا دەتوانن لە رێگەی یاساو پەرلەمانی كوردستان سكاڵاو بۆچوون و بیروڕای خۆیان بخەنەڕوو، نەك لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەكان خەڵك هانبدرێ‌ بۆ دیاردەی لەم شێوەیە. بۆیە وەك چۆن مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی لەسەرجەم قۆناغەكاندا خاوەن هەڵوێست بوونەو راستیەكانیان بەجەماوەر گەیاندووە، ئەمڕۆش دەبێ‌ بە هەمان شێوەو هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی ئایینی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی پەیامی ئاشتی و تەبایی و پێكەوە ژیان بگەیەنن.

لە رووداوەكانی ئەم دوواییەی زاخۆ و هەندێ‌ ناوچەی تریش هێرشی ناڕەوای بێ‌ پاساو كرایە سەر موڵك و ماڵی برایانی مەسیحی و ئێزیدی و زەرەرو زیانی زۆریان بە هوتێل و شوێنە گەشتیاریەكان گەیاند، كە ئەم دیاردەیە مایەی نیگەرانی و دڵگرانیە. هاوكات دەبینین لەكاتی هەر ئاژاوەیەك كەسانێك هێرش دەكەنە سەر بارەگاكان و دەیانەوێ‌ ئاژاوەكە قووڵتر بكەنەوە. بۆیە هێرشكردنە سەر بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی لەلایەن هەندێ‌ كەس مایەی نیگەرانیە، بێگوماندەبوایە كاری جددی تر بكرابووایە بۆ روونەدانی، بەڵام ئەوە دیاردەیەكەو دەبێ‌ بە هەموولایەك كار بۆ نەهێشتنی بكەین. چونكە ئەوە هیچ سوودێكی نییە تەنها تێكدانی یەك ریزی گەلەكەمان نەبێت.

ئێمە بەدرێژایی مێژوو ناچار بووینە بەرگری لە بوون و ناسنامەی خۆمان بكەین و خەبات بۆ ئازادی بكەین. ئەمڕۆ لەسایەی ئەو ئازادی و دیموكراسیەدا خەڵكانێك دەیانەوێت رەوشەكە ئاڵۆز بكەن و كەلتوری نەخوازراو بهێننە ناو كۆمەڵگاكەمان.

هەموومان بارودۆخی بەشەكانی تری عیراقمان لەبەرچاوە كە لە چ رەوشێكی ناهەمواردان. ئەوان كە یەكتریان قەبوڵ نەكرد كارەساتیان بەسەر خەڵكی خۆیاندا هێنا. بۆیە رێگە نادەین هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقاری ئاڵوزی و شلەژان بڕوات.

ناكرێ‌ ئازادی ببێتە هۆكارێك بۆ دەمكوتكردنی هەندێ‌ كەس لەلایەن كەسانی تر. ئەو كەسانە جێگەیان لەناو كۆمەڵگاكەمان نابێتەوە كە لە پەنای ئازادی و دیموكراسی، ئازادی خەڵكانی تر پێشێل دەكەن. دەبێ‌ هەموو لایەك رێز لە بەها ئایینی و كۆمەڵایەتی و بۆچوونە سیاسیە جیاوازەكان بگرێت.

من رووی قسەم ئاراستەی پارتەكانی دەسەڵات و برایانم لە ئۆپۆزسیۆن دەكەم، كە كاتی ئەوە هاتووە پابەندی دیالۆگی نیشتیمانی بین و هەموو كێشەو گرفتەكان لەوێ‌ باس بكەین. نابێ‌ جیاوازی سیاسی ببێتە هۆكاری تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی، چونكە هەرێمی كوردستان جێگەی سەرجەم ئایین و نەتەوەكانی تێدا دەبێتەوە. دڵنیاشم بەبێ‌ هاوكاری و پاڵپشتی هەموولایەك كێشەكان چارەسەر ناكرێن و ناتوانین تەبایی بپارێزین. هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی زیاتر زووتر دەمانگەیەنێتە ئامانجە پیرۆزەكان و وەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان.

هیوادارم هەموو لایەك، پارتە سیاسیەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، دەزگاكانی راگەیاندن، هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان لە ناوەوەو دەرەوە، لەئاست بەرپرسیاریەتی مێژوویی دابن و هەوڵ بدەن قەیرانەكان بە دیالۆگ و لە رێگەی یاسا چارەسەر بكەن. دەبێ‌ هەموومان بەیەكەوە رێگە لەم دیاردە نامۆیانە بگرین و نەبینە بەشێك لە وروژاندنی كەلتورە نەخوازراوەكان. با یاسا سەروەر بێت و دەرفەت بدەین دەسەڵاتی دادوەری هەرێم و ئەو لیژنانەی كە لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمەوە پێك هاتوون بەو ئەركە هەڵسن كە پێیان سپێردراوە. چونكە یاسا لە سەرووی هەموو شتێكەوەیەو پەرلەمانی كوردستانیش كە نوێنەرایەتی تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات تاكە مەرجەعە بۆ بڕیاردان لەسەر هەر پرسێك كە بەرژەوەندی گەل و هەرێمی تێدابێت.

  • email أرسل إلى صديق
  • print نسخة للطباعة
  • Plain text نسخة نصية كاملة